لە بارەی دابەشنەکردنی مووچەوە، یەکگرتوو داوای یاسایی تۆمار دەکات


یەکگرتووی ئیسلامی لە بارەی دوا کەوتنی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە، داوای یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق تۆمار دەکات.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، موسەننا ئەمین، ئەندامی په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ یەکگرتوی ئیسلامی رایگەیاند، "لەم رۆژانەدا لەدادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای یاسایی لەسەر هەردو حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆماردەکەین، بەهۆکاری دواخستن و دابەشنەکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان دەزانین."
 
هەروەها دەشڵێت‌، "سکاڵاکە لەدیراسەکردندایەو بەزوترین کات لەرێگەی پارێزەرەکانمانەوە بەناوی حیزب، یان فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، دەیدەینە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق."

موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانن كه‌ تا ئێستا ١٠ی ئەیلول‌ موچەی مانگەکانی تەمموزو ئابیان وەرنەگرتووە، هەرچی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدایە بە بنبەست گەیشتووەو هەریەکە لەلای خۆیەوە بەرامبەرەکەی تۆمەتبار دەکات بە پابەند نەبوون بە رێککەوتنەکان و یاسای بودجەی عێراقەوە.



AM:12:15:11/09/2023