لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو

ئەندامێکی پێشووی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" پێشتر بە (٤٧٣) ملیار دیناری داهاتی مانگانەی نەوت مووچە دابەشدەکرا، بەڵام ئێستا بە (٥٠٠) ملیارەكەی بەغداد دابەشناکرێت". 

عەلی حەمەساڵح ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە" حکومەتی هەرێم دەڵێت ئەوکاتەی خۆمان نەوتمان دەفرۆشت دەمانتوانی مووچە دابینبکەین، بەڵام حکومەت هیچ بیانوویەکی نییە بۆ دابەشنەکردنی مووچە، چونکە داهاتی لەبەردەستدایە". 

دەشڵێت" بەپێی راپۆرتێکی دیلۆیت لە سێ مانگی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم بە (٤٧٣) ملیار دینار مووچەی دابەشکردووە، بەڵام خێرە ئێستا بە (٥٠٠) ملیار دینار کە لە بەغدادەوە هاتووە ناتوانێت مووچە دابینبکات". 

عەلی حەمە ساڵح ڕاشیگەیاندووە" ئێستا حکومەتی هەرێم بیانووی نییە کە بە (٥٠٠) ملیاری بەغداد، (٣٢٠) ملیاری داهاتی ناوخۆ و داهاتی پاڵاوگەکانی ناوخۆ مووچە دابەشنەکات". 

هەرچەندە لە ئێستادا نزیک دەبینەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێمی (ماوە بۆدرێژکراوەی) کوردستان هیچ وادەیەکی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی (تەمووز و ئاب) دیارینەکردووە و دوێنێش کارمەندانی فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک، بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند. 


AM:08:25:11/09/2023