بریکاری وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدات

بریکاری وەزیری دارایی عێراق رایدەگەیەنێت" موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراقدا مانگانە (٧٧٥) ملیار دینارە". 

مەسعود حەیدەر بریکاری وەزیرەی دارایی عێراق لە پشکی پارتی، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لێکدانەوەی  وەزارەتی دارایی عێراق بۆ یاسای بودجە دروست نییە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە یاساکەدا مانگانە (٧٧٥) ملیار دینارە، نابێ ببەسترێتەوە بە هیچ شتێکەوە و دەبێت خەرج بکرێت".

وتیشی" پێویستە بەپێی یاسای چاودێری دارایی ئیش بکرێت و یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، رێگە بە هیچ کەسێک نەدرێت بەپێی میزاجی خۆی مامەڵە لەگەڵ بودجە بکات".

بریکاری وەزیری دارایی عێراق ڕاشیگەیاند" نابێت رێگە بە بیر و بۆچوونی شەخسی بدەین، بەڵکو دەبێت بە بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵە لەگەڵ شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر حكومەتی فیدراڵییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەگەڵ بودجەی كارپێكردن و خەرجییەكانی دیكە بەپێی نەفەقاتی فیعلی دەوڵەتی عێراق بدات.


PM:12:59:11/09/2023