سەبارەت بە ناردنی نامەیەکی مەسرور بارزانی بۆ جۆبایدن ڕوونکردنەوە دەدرێت

یاریدەدەری سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا رەتیدەکاتەوە کە مەسرور بارزانی نامەی بۆ جۆبایدن ناردبێت. 

ئاسۆ حاجی یاریدەدەری سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" ئەو بابەتەی ئەلمۆنیتەر بڵاوی كردۆتەوە كە گوایە مەسرور بارزانی نامەیەكی بەو ناوەڕۆكە ئاراستەی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكای كردووە، دوورە لە ڕاستی و هەرگیزنامەیەك بەو ناوەڕۆكە ئاراستەی هیچ سەرۆك و لایەنێك نەكراوە، بەڵكو ئەوە بابەتێكی هەڵبەستراوەی پێشەكی پارە دراوە، وەك سەدان بابەت و چیڕۆكی دیكەی هەڵبەستراو دژی قەوارەی دەستوری كوردستان و سەرۆك وەزیرانەكەی". 

دەشڵێت" ئەو میدیا كوردیانەی كە بابەتەكە گەورەتر دەكەن و بە ناونیشان و شێوازی جۆراوجۆر بڵاوی دەكەنەوە، درێژكراوەی هەمان هەوڵ و ئەجێندان كە لە دژی خەڵكی كوردستان وەگەڕ خراون". 

ئاسۆ حاجی لە ڕوونکردنەوەکەدا ڕاشیگەیاندووە" زۆر نزیك و دوور نا، ڕاستییەكان ئاشكرا دەبن، وەك چۆن ئێستا وتاری خیانەتكارانە و خۆڕادەستكردنی بەكرێگیراوەكان ئاشكرا بووە، ئەو دوژمناكارییە و كەرەستە و ئامرازەكانیان ڕیسوا دەبن، خەڵكی كوردستان و حكومەتەكەشیان دەمێنێتەوە و بەهێزتر دەبێتەوە". 

دوێنێ پێگەی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردەوە" مەسرور بارزانی لە نامەیەکدا بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا داوای نێوەندگیری دەکات و هۆشداری لە داڕمانی هەرێمی کوردستان دەدات". 


AM:09:22:13/09/2023