"لە سلێمانی تووشبوون بە نەخۆشی كۆلێرا بۆ ١٣٠ حاڵەت بەرزبووەتەوە"

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ژمارەی تووشبووانی کۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی بۆ ١٣٠ تووشبوو بەرزبووەتەوە". 

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٣ سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخشی كۆلیرا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ژمارەی تووشبوون بە کۆلێرا لە سلێمانی گەیشتووەتە ١٣٠ حاڵەتی دەستنیشانکراو، بەڵام ئەم ژمارەیە ئاماژە بە ڕێژەی واقیعی ناکات، چونکە ئێمە نمونە وەردەگرین بۆ پشکنین لە ٢٠%ی ئەو کەسانەی بەدەست سکچوونەوە دەناڵێنن، چاوەڕوانی بوونی کەسانی تۆمارنەکراو دەکەین بۆ پشتڕاستکردنەوەی بوونی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە کە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم ئەگەری گۆڕانکاری هەیە". 

وتیشی" كۆلێرا لەگەڵ وەرزی پایزدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام بە هاتنی وەرزی زستان كۆتایی دێت، دەرمانی دژە كۆلێرا لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەردەستە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکەیان خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکە لەسەر نەخۆشییەكە، بۆ ئەوەی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەن، تاوەکو ڕێكارەكانی چارەسەركردن و ڕێگرییكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە تاوتوێ بكەن. 


PM:04:31:14/09/2023