بەهۆی ناردنی ‌پارە بۆ هەرێم سکاڵای یاسایی دژی سودانی تۆمار دەکرێت

هەرچەندە تائێستا بڕیار لەسەر ناردنی پارەکەی هەرێم لە لایەن بەغدادەوە نەدراوە، لە لایەن پەرلەمانتارێکی سەربەخۆی عێراقەوە سکاڵای یاسایی دژی محەمەد شیاع سودانی تۆمارکرا. 

مستەفا سنێد ئەندامی سەربەخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە تویتێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند" پارێزەرەکەم ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی لە دادگا سکاڵا دژی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمار بکات". 

ڕوونیشیکردووە، سکاڵاکە بەهۆی ناردنی پارە لە دەرەوەی یاسای بودجە بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت. 

بڕیارە سبەینێ یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆبێتەوە و بڕیار لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم بدات، هەرچەندە لە تائێستاشدا ناوەڕاستی مانگی ئەیلولە، حكومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم مووچەی مانگەكانی تەموز و ئابی دابەشنەكردووە.


AM:10:28:16/09/2023