جارێکی تر کورد ئاوارە دەبێتەوە
مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ لە سیدەکان هەیە


چەند رۆژێکە لەبەر مەترسی دەستپێکردنی هێرشی سوپای تورکیا، ئاژەڵدارەکانی کوێستانەکانی ناوچەی برادۆست لە چیاکان هاتوونەتە خوار و ئاوارەی ناوچە پێدەشتەکان بوون و ناوچەکە لە پشێویەکی زۆردا دەژی.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " بەرپرسانی ئیدارەی قەزا بە ئاژەڵدارەکان و جوتیارانی سنووری چیای گۆشینە، کوێستانەکانی کێلەشین، شەکیف، خواکورک، بەربزین، بۆڵێ، هۆڕنێ، لۆلان، مێرگەمیر، خنێرە، ئاگادار کراونەتەوە ناوچەکە چۆڵ بکەن، چونکە مەترسی درووستبوونی شەڕی سەربازیی هەیە.

ئەمڕۆ هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ئاگادارکردنەوەی خەڵک بۆ جێهێشتنی کوێستانەکان بابەتێکی ئەمنیی و سەربازییە و من ناتوانم زانیاری لەو بارەوە بدەم".

سەرەتای ئەم هەفتەیە پارتی هێزێکی زۆری رەوانەی ئەو ناوچەیە کردو بارگرژی تەقەکردن لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و گەریلادا روویدا، دواتر پێشمەرگە لەناوچەکە پاشەکشەی کرد و پاسەوانی سنور کە سەر بە عێراقە گەیشتە هەندێک ناوچەو بنکەو بارەگاکانیان جێگیرکرد.
 
ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە بەردەوامە و ئەمشەو ئەو کاتە تەواو دەبێت کە ئیدارەی ناوچەکە بۆ ئاژەڵدارەکانی دەتسنیشانیان کردبوو. 



PM:09:50:17/09/2023