بافڵ تاڵەبانی: هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت بەزاندنی سنوری هەرێم‌و عێراقە

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە بارەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت رایگەیاند " ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە".
 
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئەمشەو یەک شەممە لە راگەیاندنێکدا دەڵێت " بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر  فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبوون و برینداربوونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە."

‌‎بافڵ تاڵەبانی داوا لەلایەنەکان دەکات " ‌‎لەبەرامبەر چەندبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییە، ئەركی هەموولایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین".

‌‎سەرۆکی یەکێتی، دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەو ھێرشانە دەکات و دەڵێت " داوا لە حکومەتی عیراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت".

‌‎کەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش " داوا لە هەموو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكەین هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆربووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە".

‌‎لە کۆتاییدا بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "‌‎پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و بە یەكگرتووییمان سەقامگیریی لە هەرێمەكەمان بەرقەرار دەكەین و رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەكان دەبینەوە".



PM:09:01:18/09/2023