حوکمەت لەبارەی دەستکردن بە دابەشکردنی مووچە زانیاری نوێ بڵاودەکاتەوە

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، "سبەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت و لەگەڵ گەیشتنی پارەكەی عێراق دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت."

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٣، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەناڵی كوردستان تیڤی ڕایگەیاندووە، سبەی چوار شەممە بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێ، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران، تاوتوێی دەرئەنجامەكانی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بۆ بەغدا".

سەبارەت بە وادەی دابەشكردنی مووچە، پێشەوا هەورامانی وتی، "چاوەڕێی ناردنی بڕی پارەكەی بەغدا دەكەین و هەركاتێك پارەكە گەیشت، ڕاستەوخۆ دەست به ‌دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت".

ڕۆژی یەك شەممەی ڕابردوو ١٧ی ئەیلول، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی بڕیاردرا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت.




PM:07:54:19/09/2023