مژدە مەحمود: پارتی دەیەوێت لە ڕێگەی سکاڵایەکەوە ٥٠٠ ملیۆن دینار قەرەبووم لێ وەربگرێت

ئەندامێکی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند؛ بەهۆی سکاڵایەکی رێکخراوێکی پارتی بۆ جاری چوارەم دەچنە بەردەم دادگا و وتیشی پارتی دەیەوێت لە رێگەی ئەو سکاڵایەوە ٥٠٠ ملیۆن دینار قەرەبوو وەربگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، مژدە مەحمود ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "پارتی لە دوای ئەوەی دزینی نەوتی لەبەردەستا نەماوە دەیانەوێت لە رێگەی سکاڵا کردن لە ئەوەوە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دینار قەرەبوو وەربگرێت، بۆ جاری چوارەم دەچمە بەردەم دادگا بەهۆی سکاڵایەکی پارتی بە تۆمەتی ناوزڕاندنی یەکێک لە پەیجەکانی پارتی".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرشتێک بەرامبەر ئەوان بوترێت ناوزڕاندن نیە چونکە ئەوان کەسانی گیرفان بڕ و موچە خۆر و گەندەڵن و تەنها لەبەر ئەوەی داوای مافی خەڵک دەکەین و سازشیان بۆ ناکەین و ناتوانن بمانکڕن دەیانەوێت لە رێگەی دادگا و سکاڵا تۆمار کردنەوە بێزارمان بکەن بەڵام ئێمە هەرگیز کۆڵنادەین و بێزار نابین لە داواکردنی مافی خەڵکی.

باسی لەوەشکرد، ئەو رێکخراوەی سکاڵا دژی ئەو تۆمار کردوە بوێری ئەوەی نیە دژی ئەو کەسانەی کەرکوک و شەنگالیان فرۆشت سکاڵا تۆمار بکەن یاخود سکاڵا دژی ئەو حکومەتە ماوە بەسەرچووە تۆمار بکات کە سێ مانگە موچەی موچەخۆرانی پێ نەدراوە.





PM:05:33:20/09/2023