زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ رێکارەکانی ناردنی پارەی مووچەخۆران له‌ به‌غداوه‌ تەواو دەبێت". 

شێروان دووبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە لێدوانێکدا بە کوردستان ٢٤ی راگەیاند" ئەمڕۆ بانکەکان رێکارەکانی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان تەواو دەکەن، دواتر دەبێ وەزیری دارایی هەرێم واژووی بکات و پارەکە رەوان دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕە پارە لەلایەن سێ بانک وەک قەرز دەدرێت بە هەرێمی کوردستان، بانکی تی بی ئای ٢٠٠ ملیار و بانکی رەشید ٢٥٠ ملیار و بانکی رافیدەینیش ٢٥٠ ملیار.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بڕیاری ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی دا کە بۆ هەر مانگێک ٧٠٠ ملیار دینار دیاریکراوە، کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار. 


PM:03:15:21/09/2023