سودانی: تا کۆتایی ئەمساڵ ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لە ئێستادا لە گەشتێکە لە ئەمەریکا، رایگەیاند " ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت".

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سمینارێکدا لە ئەنجومەنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تا کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت، تا کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لەرووی داراییەوە چارەسەر دەکرێت.

سەرۆک وەزیران، لەو سمینارەدا جەختی کردەوە کە کێشەی سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدا لە ئارادا نییە، ئەوەی هەیە کێشەی دارایییە.

سودانی ماوە چوار رۆژە لە ئەمەریکایە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمڕۆ ٢٢ ی ئەیلول وتارێکی لە ئەنجومەنی گشتی پێشکەش کردو، بڕیارە سبەی لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.



PM:10:35:22/09/2023