ئێران رازی نییە لە چەکداماڵینی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان


بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئێران رایگەیاند "ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق هەمانە لەبارەی چەکداماڵینی گروپە جوداخوازەکان، لەلایەن عێراقەوە وەکخۆی جێبەجێ نەکراوە".

محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بڕیار بوو بەپێی ڕێککەوتنەکە، لایەنی عێراقی تا ١٩ی ئەیلولی ئەمساڵ، هێزە جوداخوازەکان لە چەک داماڵێت، بەڵام ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕویدا ئەوەیە کە ئەو ڕێکخراوانە گواستراونەتەوە بۆ کەمێک دوور لە سنوورەکانمان".

وتیشی" هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بەرز دەنرخێنم، بەڵام دەقی ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە ئێران لەگەڵ عێراق ئەنجامیداوە، بە ڕاشکاوی ئاماژەیە بۆ پێویستی چەکداماڵین و دەرکردنی ئەو ڕێکخراوانە لە هەرێمی کوردستان و لە هەموو بەشەکانی عێراق".

محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە سەرۆک ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی رێنمایی کردین کە چاوەڕێ بکەن و سەبر بگرن بۆ چەند ڕۆژێکی تر پێش ئەوەی هەندێک لیژنە بنێرن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو گروپە چەکدارانە بە تەواوی لە چەک داماڵراون، دواتر بڕیاری پێویست دەدەن.

دوێنێ وەفدی هاوبەشی ئێران – عێراق- هەرێمی کوردستان بۆ پرسی چەکداماڵینی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی قەڵاکەی کۆیە کە بارەگای دیموکراتی لێییە، لەگەڵ بارەگاکانی کۆمەڵەیان لە زڕگوێز کرد.




AM:12:22:23/09/2023