بەنزین و نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو ڕەوانەی هەرێم دەکرێت

لیژنەی دارای پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتودا نەوتی سپی و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو بگاتە هەرێم". 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لیژنەی دارای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندووە" چەند بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى نەوتی عێراق کۆبوونەتەوە و لەسەر چەند پرسێکی تایبەت گفتوگۆیان کردووە، لە نێویاندا بابەتى دابینکردنى نەوتى سپى بۆ هاوڵاتیانى هەرێم". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پلاندایە بەنزین و نەوتى سپى بۆ هەرێم دابین بکەن بە نرخى پاڵپشتیکراو بە پشتبەستن بە پاڵاوگەی بێجی کە ئاستی وەبەرهێنانی بۆ ١٤٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرزکردوەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین و نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزترە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی. 


AM:08:30:24/09/2023