( سپی ) وێنەی ئەو ئەندامانەی کۆنگرە بڵاودەکاتەوە کە دەنگیان بۆ بافڵ تاڵەبانی بۆ سەرۆکی یەکێتی نەداوە

لە کاتێکدا ژمارەی هەرە زۆری ئەندامانی کۆنگرەی پێنج بە دەستهەڵبڕین بە نیشانەی سەوز و چەپڵەڕێزان دەنگیان بۆ بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکیتی دا، بەپێی وێنەیەک کە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە ژمارەیەک کادیری دیاری یەکێتی دەنگیان بە ناوبراو نەداوە بۆ سەرۆکی ئەو حزبە.

بەپێی ئەو وێنەیەی دەست ماڵپەڕی ( سپی ) کەوتووە لە ریزی پێشەوەی ئەو ئەندامانەی کۆنگرەی یەکێتی کە لە کاتی دەنگداندا نیشانە سەوزەکەیان بۆ بافڵ تاڵەبانی بەرزنەکردۆتەوە، هەریەک لە رزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و، د. خەسرەو گوڵ محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و، دلێری سەید مەجید ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، دەنگیان بە بافڵ تاڵەبانی نەداوە بۆ سەرۆکی یەکێتی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە لە ریزەکانی تری نێو هۆڵی کۆنگرە، ئەندامی تریش هەبووە دەنگیان بە بافڵ تاڵەبانی نەداوەو، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکرێت، نەک هەر دەنگنەدان، بەڵکو ئەندامی کۆنگرە هەبووە نیشانەی سوری بەرزکردۆتەوە.

کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کە رۆژی ٢٧ ی ئەیلول بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام لە سلێمانی دەستیپێکردو سێ رۆژ دەخایەنێت، لەیەكەم رۆژدا بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی حزب بە چەپڵە رێزان هەڵبژێردرا، لە میدیاکان بەو شێوەیە بڵاوکرایەوە کە بە تێکڕای دەنگ هەڵبژێدراوە، بەلآم بە پێی زانیارییەکانی دەست ( سپی ) کەوتووە بەو شێوەیە نەبووە، ژمارەیەکی کەم بە هەر هۆکارێک بووبێت، لەگەڵ هەڵبژاردنی ناوبراودا نەبوون بۆ سەرۆکئ حزبەکەیان، بڕیاریشە سبەی هەینی کە سێهەم رۆژە ئەندامانی سەرکردایەتی هەڵبژێردرێت. 

وێنەکە ببینە..




PM:09:11:28/09/2023