ئەنجومەنی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داوادەكات، حكومەتی هەرێم موچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلول و شایستە داراییەكانی مامۆستایانی وانەبێژ بەیەكەوە دابەش بكات، دواتر دەست بە دەوام دەكەنەوە.
ئەنجومەنی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان لەپەیامێكدا بڵاویكردەوە "لەكاتێكدا بە ئومێدەوە چاوەڕوانی حكومەتی هەرێم بوین كە بۆ یەكجار یەك داخوازی مامۆستایانی نیگەران جێبەجێبكات سەرەڕای (راگرتنی موچە و پاشەكەوت، موچەی هەڵپەسێردراو، بڕدراو و چارەكە موچە، سێ روبعە موچە) لە هەشت ساڵی رابردودا وەڵامی ئەرێنی داخوازی مامۆستایان بداتەوە و موچەی مانگەكانی (تەمموز/7 و ئاب/8) بەیەكەوە دابەش بكات، بەڵام ئەمجارەش كادری هەستیارترین سێكتەری بەڕێوەبردن و حكومەتداری فەرامۆش كرد".
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، "ئەم بێباكیەی حكومەت نیگەرانیەكان و مەودای دوری نێوان مامۆستا و حكومەت فراوانتر دەكات و هێندەی تر كەرتی پەروەردە و فێركردن بەرەو ئیفلیج بون دەبات".
هەروەها وتویانە "بۆ راستكردنەوەی دۆخەكە و ئاشتەوایی گشتی، داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگەكانی (ئاب/8 و ئەیلول/9) و شایستە داراییەكانی مامۆستایانی وانەبێژ بەیەكەوە دابەش بكات، جێبەجێكردنی ئەم داواكاریەش دەبێتە متمانە بەخشینەوە و بوژاندنەوەی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن".