كۆی گشتی ئەو كەسانەی لەئەنجامی روداوی ئاگركەوتنەوەكەی قەزای حەمدانیە گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە 113 كەس و 41 كەسیان ناسنامەكانیان نەناسراوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، 12 برینداری روداوی ئاگرەكەی حەمدانیە رەوانەی دەرەوەی وڵات كراون بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، رێكارەكانیش بۆ ناردنی هەشت برینداری دیكە تەواو كراون، هەروەها لەئێستادا سێ بریندار لە نەخۆشخانەی كۆماری موسڵ، پێنج بریندار لە نەخۆشخانەی حەمدانیە، لە هەولێر 11 بریندار، لە دهۆك شەش بریندار، لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدان.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، پشكنینی سەرجەم تەرمە نەناسراوەكان رەوانەی پزیشكی دادی بەغدا كراون بەمەبەستی دۆزینەوەی كەسوكاریان و رادەستكردنەوەیان تاوەكو بەخاكبسپێردرێن.
شەوی سێشەممەی رابردوو ئاگر لە هۆڵی هەیسەم بۆ بۆنە و ئاهەنگ لە قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا كەوتەوە و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 110 كەس گیانیان لەدەستدا.