ئەعرەجی: تەواوی رێككەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران جێبەجێكراوە


قاسم ئەعرەجی رایدەگەیەنێت، عێراق هەمو بڕگەكانی رێككەوتنی ئەمنی جێبەجێكردوە و سەرۆك وەزیرانیش چاودێری هەنگاوەكان دەكات.

نوسینگەی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران لە تاران كۆبونەوە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لە كۆبونەوەكە قاسم ئەعرەجی رایگەیاند، ئەنجامەكانی رێككەوتنی ئەمنی سەركەوتوو بوون، بە جۆرێك لە ساڵی 1991ەوە ئەنجامی لەو شێوەیە بەدی نەكراوە.

هەروەها وتویەتی "سەرۆك وەزیرانی عێراق بە وردی بەدواداچون بۆ رێرەوی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەكات، هەروەها هۆشدارن لە پاراستنی ئاسایشی ئێران، رێگەش نادەن خاكی عێراق ببێتە ناوچەی ناكۆكی بۆ وڵاتانی دراوسێ".

ئەعرەجی روونیكردۆتەوە، عێراق تەواوی بڕگەكانی رێككەوتنی ئەمنی جێبەجێكردوە، گرنگی ئاگاداركردنەوەی ئێران لە هەر پێشهاتێك دوپاتدەكەنەوە، تاوەكو رێكاری گونجاوی بۆ دەگرنە بەر.

لە بەرامبەردا عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، رێككەوتنی ئەمنی لە پێناو بەرژەوەندی هەریەكە لە عێراق و ئێرانە، هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیارییەكانی نێوانیان بەردەوام دەبێت، هەروەها رێگە بە كۆمەڵە چەكدارەكان نادەن هەڕەشە لەسەر سەقامگیری هەردو وڵات و ناوچەكە دروست بكەن.



PM:04:29:02/10/2023