مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژ رایدەگەیەنن، لە دژی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی پەروەردە، سبەینێ جارێكی دیكە لەسنوری چەند پەروەردەیەك گردبوونەوە ئەنجام بدەن.
مامۆستایانی وانەبێژ و ناڕازی لەهەرێم لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، ئەوان دوای ١٧ ڕۆژ لەبایكۆت و خۆپیشاندانەكان هەر لەسەرەتای دەوامی فەرمی لە١٣ی٩ لەسنوری پەروەردەكانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و كۆیە، كە زیاتر لە ١٣ پەروەردە لەبایكۆت و خۆپیشاندانی كردووە نەك هەندێك ناوچە، هەروەها دەرگای سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن داخراوە و هەزاران مامۆستا بایكۆتی كردووە و هەزاران قوتابی بێبەشكراون لەپڕۆسەی خوێندن.
هەر بەپێی یاداشتەكە "چاوەڕێ بووین حكومەتی هەرێم بەفەڕمی وەڵامی داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ و كۆنووسی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و پەروەردە بداتەوە، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەمە وەزارەتی پەروەردە سوپاسی مامۆستایان دەكات و سوپاسیش گیرفانی بەتاڵی وانەبێژانی گەرم نەكردۆتەوە لەئێستا و ڕابردوودا، ئەمە لەكاتێكدایە وانەبێژان هێشتا شایستەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە كەبڕەكەی ١٠٠ هەزار بۆ ٢٠٠ هەزارە دوای سێ مانگ لەچاوەڕوانی!".
مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێن "ئەم ڕاگەیاندنەی وەزارەتی پەروەردە وامان لێدەكان گەرمتر و سوورتر بین لەسەر داواكاریەكانمان و درێژەدان بە بایكۆت و خۆپیشاندانەكان ، بۆ ئەم مەبەستەش سبەی چوارشەممە ٤ی١٠ خۆپیشادانی مامۆستایانی وانەبێژە لەسەرجەم پەروەردەكان بۆ نوێكردنەوەی بایكۆت و وەڵامدانەوەی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پەروەردە".