وادەی گەیشتنی 700 ملیاری دیكە بۆ مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێم راگەیەنرا


وا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا حكومەتی عێراق بڕی 700 ملیاری دیكە بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەران رەوانەی هەرێم بكات.

ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێرا قبە میدیای نزیك لە پارتی راگەیاندوە "ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر ئەوە داوە كە مووچەی مانگی 9 و 10 و 11ی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، هەروەها پێویستە مووچە بۆ مانگەكانی 7 و 8 و 12یش بنێردرێت واتە سێ مووچە دەمێنێت پێویستە پێش كۆتایی ساڵ بنێردرێت".

دلێمی روونیكردۆتەوە "پێویستە جگە لەم قەرزە، قەرزێكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت، پێویستە حكومەتی فیدراڵی بڕیارێكی دی بدات بۆ ئەوەی یەك ترلیۆن و 300 ملیار دینار بنێرێت بۆ مووچەی ئەم سێ مانگەی كە ماوە، پێشموایە دوای ناردنی مووچەی مانگی 11 ئەو شتە روودەدات".

ناوبراو وتویەتی "دەبێت لە 7ی مانگ تا 13ی ئەم مانگە، حكومەتی فیدراڵی مووچەی مانگی 10 بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، لە هەمانكاتیشدا لە مانگی 11 هەمان سیناریۆ جێبەجێ دەكرێت بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بە تەواوی بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و پێشموایە ئەو شتە روودەدات".



PM:10:55:03/10/2023