وەزارەتی پەروەردە پەیامێكی نوێی ئاڕاستەی مامۆستایان كرد


وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم بەردەوام لەهەوڵە بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی كوردستانی مامۆستایان لە حكومەتی عێراقی فیدراڵ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی مامۆستایانەوە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ 5ی 10 رۆژی جیھانی مامۆستایان و سبەی 6ی 10 رۆژی مامۆستایانی كوردستانە، سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی ھەوڵ و ماندووبوون و دڵسۆزی مامۆستایان دەكەن كە بەردەوامی دەدەنە پرۆسەی پێگەیاندن و پەروەردەكردنی قوتابیان و خوێندكاران.

سەبارەت بە شایستە داراییەكانی مامۆستایانەوە، وەزارەتی پەروەردە وتویەتی "بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و دابینكردنی شایستە داراییەكانیان، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە هەوڵە بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی كوردستان لە حكومەتی عێراقی فیدراڵ و پشتیوان بەخوای گەورە و ئیرادەی بەرزی نیشتیمانپەروەران ئەم دۆخە سەختانە تێدەپەڕن" .

بەهۆی دواكەوتنی مووچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلولەوە، تائێستا مامۆستایانی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لە بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن بەردەوامن.



PM:10:23:05/10/2023