فەرمانبەر و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن

سبەی بڕیارە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی دژی دواکەوتن مووچەکانیان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لەبەردەم زانکۆی سلێمانی ئەنجام دەدرێت.

ڕۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، مامۆستایانی زانکۆ ڕایانگەیاند، "لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، دەسەڵاتی تاڵانکار لە هەرێمی کوردستان بە بەرنامە کاری لەسەر نائومێدکردنی بەشدارییکردن و بێ کاریگەریی ئەم جۆرە چالاکییانە کردووە، بەڵام چالاکی مەدەنیی، وەک بنەما و باوەڕ، رووی لە بەرپاکردنی گۆرانکارییەکانە بە مەبەستی دەستکارییکردنی دۆخێکی تایبەت بۆ باشترکردن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی، لە ئێستاشدا و وەک ئامانجێکی هەنووکەیی".

باسیان لەوەشکرد، گردبوونەوەکەی سبەینێ بەرگرییکردنە لە پێناو یەکسانیی نێوان مرۆڤەکان لە دابینکردنی بژێوییەکی شایستە کە کەمتریینی مافی ئازادیی بیرکردنەوە و بڕیاردان بۆ هەر تاکێک فەراهەم بکات.

ئەوەشیان خستووتەڕوو، لەگەڵ ئەوەی سەکۆی ئینتەرنێت و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان رووبەرێکی فراوانی دەنگە ناڕازییەکانە بۆ چالاکییە مەدەنییەکانیان، بەڵام ئەم جۆرە چالاکییانە بابەتێکی کردەییە و لە ماڵەوە دانیشتن و قسەکردن لە پشت ئامێرە دیجیتاڵییەکانەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆ درووست ناکات. بۆیە ئامادەبوونی فیزیکی (جەستەیی) لە مەیدانەکاندا، چالاکییەکە دەباتە ئاستێکی دەستەجەمعیی و کۆمەڵایەتیی و دەسەڵاتە تاڵانکەرەکە پووچەڵ ئەکاتەوە.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان و هاوپیشەکانیان دەکەن بە دەم هەڵوێستەکەیان بچن بە ئامانجی وەرگرتنی مافە سەرەتاییەکانی خۆیان .


AM:12:05:08/10/2023