وردەكاری حەجكردنی ئەمساڵ راگەیەنرا


ئامادەكاریەكان بۆ پڕۆسەی ناونوسینی ئەمساڵی حاجیان تەواو بووە و رۆژی یەكشەممەی داهاتو ناونوسین بۆ حەج دەست پێدەكات.

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامادەكاریەكان بۆ پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ تەواوبون و پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو ئامادەكاریەكانی پێشخراوە لەلایەن وڵاتی سعودیەوە و لەلایەن دەستی باڵای حەجی عێراقەوە ئاگاداركراونەتەوە كە پێویستە سەرجەم ئامادەكاریەكان بەر لە ساڵی نوێ تەواوبكرێن.

نابراو ئاماژەی بەوەكردووە، نوسینی ناوی هاوڵاتیان بۆ پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ فۆڕمێكی تایبەت دەبێت كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتتی حەجی و عەمرە ئامادەكراوە و لۆگۆی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەجی هەرێم و مۆری بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی لەسەرە و هەر فۆڕێكی دیكە پڕبكرێتەوە هەژمار ناكرێت و پوچەڵدەكرێتەوە، هەر كەسێكیش كە فۆڕمەكە پڕدەكاتەوە نابێت تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بێت، چونكە سعودیە ڤیزای حەج ناداتە كەسێك كە تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بێت.

هەروەها وتویەتی "ئەو فۆڕمانەی كە لە نوسینگەكانمان دەدرێن بە هاوڵاتیان دەبێت بەر لە چوار رۆژ بگەڕێنرێنەوە، ئەگەر دوای بخات ئەوا فۆڕمەكەی لێوەناگیرێتەوە و مافی بەشداریكردنی لە تیرۆپشكەكە دەفەوتێت، ئەو ژنانەشی كە تەمەنیان لە 45 ساڵ زیاترە دەتوانن بە تەنها ناوی خۆیان بۆ حەج تۆماربكەن، بەڵام ئەو ژنانەی تەمەنیان لەوە كەمترە ئەوا دەبێت كەسێك لە مێرد یاخود برا و كوڕ لەگەڵیدا بێت".

شێخ نیاز وتوشیەتی "ئەوانەی لە ناویان بۆ پڕۆسەی حەجی 2017 تۆماركردوە پێویست بە دوبارە ناونوسینەوە ناكات لە ساڵی 2016دا نزیكەی 86 هەزار كەس ناوی خۆیان تۆماركرد چەند ساڵێك تیروپشك لەو ناوانەدا كران، بەڵام ئەو فۆڕمانەی ئەو ساڵە لەبەردەستدا ماون، هەر كەسێك ناوی بۆ حەجی ئەو ساڵە تۆماركردوە پێویست ناكات سەردانمان بكات چونكە ناوەكانیان لای ئێمەیە و رێژەی 60%ی حاجیانی ئەمساڵ دەدرێت ئەو حاجیانە، ئەوانەشی كە ئەمساڵ ناو تۆمار دەكەن 40%یان بەردەكەوێت، ئەوەش لەپێناو عەدالەتە".



PM:02:39:09/10/2023