ئاماری قوربانیانی فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل ڕوو له‌ زیادبوون ده‌كات

ئاماری قوربانیانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل سێ هەزار و ٣٠٠ کەسی تێپەڕاند کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئەمڕۆ شەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە تا ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە هەزار و ٩٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناو کوژراوەکاندا (٦١٤) منداڵ و (٣٧٠) ژن هەن، نزیکەی هەشت هەزار کەسی دیکەش بریندان. 

هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان بۆسەر ئیسرائیل هەزار و ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە (٢٠٠) کەسیان سەربازن.

بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، تائێستا زیاتر لە (٤٠٠) هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون بۆ ناوچەکانی باشوور. 

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە رێگای ئاسمان و دەریا و زەوی هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک وەڵامی فەڵەستینی دایەوە و تا ئێستاش شەڕەکە بەردەوامی هەیە.


AM:09:27:14/10/2023