خوازیارارانی ماستەرو دکتۆرا لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە

 
ئەمڕۆ دوو شەممە ژمارەیەک لە خوازیارانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا کە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمەوە هاتبوون لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری هەولێر گردبوونەوە داوای زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی خوێندنیان کرد.

لە راگەیاندنێکدا کە ئەو خوازیارانە خوێندیانەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوان نمرەکانیان گونجاوە بۆ پێدانی کورسی خوێندن، بەڵام پێمان نادرێت، لە کاتێکدا خوێندکار ھەبووە نمرەی لەوان کەمتربووە و وەرگیراوە و کورسی خوێندنی بۆ دابین کراوە.

جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە کە ئەوەی بەرامبەر ئەوان دەکرێت زۆر نادادپەروەرانەیە و جیاوازی دەکرێت لە نێوانیاندا، لە کاتێکدا ڕێژەی خوازیارانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٥٠٠ خوێندکار دەبێت.

خوازیارانی ماستەرو دکتۆرا چەند جارێکی تریش داواکارییان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە، بەڵام تا ئێستا کەس ئامادە نییە گوێ لە داواکارییەکانمان بگرێت.



AM:11:55:16/10/2023