ماوەی زیاتر لە (١٠) ڕۆژە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بەردەوامە و تا ئێستاش زیاتر لە چوار هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" تا ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە دوو هەزار و ٨٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی ئاوارە بوون و زیاتر لە هەزار کەسیش لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکانی کەرتی غەززە بێسەروشوێنن.
هەروەها لای خۆشیەوە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان بۆسەر ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە (٢٥٨) کەسیان سەربازن، هاوکات زیاتر لە چوار هەزار و ٢٢٩ کەسى دیکەش برینداربوون کە (٨٢) کەسیان برینەکانیان سەختە.
ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە رێگای ئاسمان و دەریا و زەوی هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل دەستیانپێکرد.