هێزەکانی ئەمەریکا دەکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە


هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریاو عێراق بەهۆی ئەو هێرشانەوە کە چەند رۆژی رابردوودا کرایە سەریان، خۆیان تۆکمە دەکەن و لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.

میدیای ( ئەلعرەبی ئەلجەدید ) ئەمڕۆ شەممە ٢١ ی تشرینی یەکەم بڵاویکردۆتەوە کە بنکە ئەمریکییەکان لە حەسەکە لە ئامادەباشیدان بۆهەر پێشهاتێک کە رووبەڕوویان بێتەوە، ئەمەش دوای هێرشکردنە سەر بنکە ئەمریکییەکانی دیکە لە کێڵگەی غازی کۆنیکۆ لە دێرەزۆر، و بنکەی ئەلتەنف.

ئەو میدیایە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بنکە ئەمریکییەکان لە شەدادی، ڕومەیلان، ئەلقەحتانیە و ئەلیاروبییە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەلحەسەکە، شایەتحاڵی حاڵەتی ئامادەباشین، هاوکات هێلیکۆپتەرە ئەمەریکیەکان ڕۆژانە لە ئاسمانی ناوچەکدا دەفڕن، ئەمە جگە لە راوەستانی دەورییە ئەمریکییەکان کە لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ تورکیا و عێراق دەورییان رۆژانە جموجوڵ پێدەکرد.

هەروەها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەمەریکا بنکەکانی هێزەکانی لە شاری ئەلشەدادی لە باشووری لادێکانی حەسەکە بەهێزتر کرد، بە دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی کەرەستەی توند داپۆشراو گەیشتنە ناوچەکە، هەروەها دوێنێ ئەمریکا سیستمی ڕاداری بۆ هێزەکانی لە پارێزگاکانی ئەلحەسەکە و دێرەزۆر دابینکردووە، وەک چۆن ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ٤ سیستەمی ڕاداری لە عێراقەوە هێنایە بنکەکانی لە ناوچەی ئەلشەدادی لە پارێزگای حەسەکە، لە ڕێگەی دەروازەی سنووری ئەلوەلیدەوە. 

لەلایەکی ترەوە هێزەکانی ئەمریکا سیستەمی ڕاداریان لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەلعومەر و غازی کۆنیکۆ لە لادێکانی دێرەزۆر جێگیر کردووە، بە مەبەستی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی گروپە لایەنگری ئێرانییەکان لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات.

ئەو میدیایە ئاشکرای دەکات، پێشتر واشنتۆن هێزەکانی لە سوریا بەهێزتر کرد بە ٤ مووشەکهاوێژی هیمارس و ١٥ پاتری تۆپخانە و ٥ زرێپۆش و ٥ تانک و ٤٥ ئۆتۆمبێلی پڕ لە تەقەمەنی، کە گەیشتە بنکەی خۆی لە ئەلشەدادی لە لادێی حەسەکە. بەپێی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان و ڕۆژئاواییەکان، ئەمریکا ترسی ئەوەی هەیە کە پەرەسەندنی پەیوەندیدار بە شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بۆ ئەو ناوچانە بگرێتەوە کە هێزەکانی لە سوریا و عێراقدا جێگیرکراون.

چاودێران پێیان وایە ڕەنگە ئێران بەنیازی ئەوە بێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا، هێرشەکانی بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان کە لە سوریا و عێراق جێگیرکراون، چڕتر بکاتەوە.



AM:09:12:21/10/2023