وادەی دابەشکردنی نەوت بۆ خێزانەکان، لە چەند ناوچەی هەرێم دیاری دەکرێت

بەڕێوەبەرابەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" كە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت سبەینێ‌ لە چەند ناوچەیەك بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرابەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی کردۆتەوە" پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ناوچەکانی ( بێتواتە و چوارقوڕنە) لە ماوەی دوو رۆژ واتە ١٩ و ٢٠ تەشرینی یەکەم بڕی (٢٣٦٥٠٠٠) بەسەر (١١٨٢٥) خێزاندا دابەش کراوە و سبەی ٢٢ی تەشرینی یەکەم دابەشکردنی نەوت بۆسەر بنەماڵەکاندا لە هەمان ناوچە بەردەوام دەبێت''.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، دابەشكردنی نەوت دەستی پێكردووە، كە هەر بەرمیلێكی ٢٠٠ لیتری بە ١٠٠ هەزار دەدرێت بە هاوڵاتیان، كە بە كرێی گواستنەوەوە نزیكەی ١٠٤ هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت.

سەرچاوەیەكیش لە بەڕێوەبەرایەەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی لە چەن لێدوانێکدا بە کەناڵەکانی راگەیاندنی ڕایگەیاندووە" ئەمساڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گرێبەستێكی گەورەی كڕینی نەوتی ئەنجام داوە و ڕۆژانە بڕێكی باش نەوت دەگاتە دەستیان و دابەشی دەكەن". 

قائیمقامیەتی قەزای شارباژێڕ لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە" ڕۆژی یەک شەممە ٢١ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەشە نەوتی سپی سنووری قائیمقامیەتی قەزای ماوەت دابەش دەکرێت و ڕۆژی دووشەممە بەشە نەوتی سپی ناوەندی قەزای شارباژێڕ(شارۆچکەی چوارتا) و سەرجەم ناحیە و گوندەکانی دەورووبەری دابەش دەکرێت.

بەپێی ئامارێکی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە (٢٦٤) ملیۆن لیتر لە نەوتی سپی هەیە.



PM:08:21:21/10/2023