فیدراسیۆنی رۆژنامەنوس و نوسەرانی " سەربەخۆ " راگەیەنرا


ژمارەیەك نوسەر و رۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی، فیدراسیۆنێكی نوێیان بۆ داكۆكی لە مافی ئازادی رادەربڕین پێكهێنا.

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەشاری سلێمانی، ژمارەیەك نوسەر و رۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی، فیدراسیۆنێكی نوێیان بۆ داكۆكی لە مافی ئازادی رادەربڕین بەناوی (رۆنووس) پێكهێنا.

كەمال رەوف، نووسەر و رۆژنامەنووس رایگەیاند "هیوادارین پڕۆژەكەمان جیاواز بێت و مەبەستیشمان لێی دروستكردنی كاریگەری زیاترە لەسەر مەودای ئازادی رادەربڕین، وەك دەستپێكیش كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و نوسەرانی سەربەخۆین و تائێستا توانیومانە گروپێكی 14 كەسی لەناوەوە و دەرەوەی وڵات دروست بكەین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "فیدراسیۆنەكە سەكۆیەكە بۆ نوسەران و رۆژنامەنووسان ئەوانەی خاوەنی ناسنانەی سەربەخۆن، هەروەها ژمارەیەك دەزگا و كەسایەتی سەربەخۆش پشتگیری دامەزراندنی فیدراسیۆنەكە دەكەن، هەروەها ئەو قەڵەمانەی بۆ ئازادی تێدەكۆشن، دەمانەوێت خۆیان بە بەشێك لە فیدراسیۆنەكە بزانن".

كەمال رەوف وتیشی "تەنها چەند ناوێك خاوەنی ئەم فیدراسیۆنە نین، بەڵكو هەموو ئەوانەی لەپێناوی فراوانتركردنی ئازادی رادەبڕین دەدەن فیدراسیۆن موڵكیانە، هەروەها ئێمە جێگرەوەی هیچ سەندیكا و رێكخراوێك نین، بەڵكو دەمانەوێت ببینە هاوشانی سەندیكاكانی دیكە بۆ خزمەتی كاری ئازادی رادەربڕین".


PM:10:03:21/10/2023