لە شارێكی ڕۆژئاوای كوردستان ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆی یەکشەممە لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج کە بەهۆیەوە دوو كەس بوونە قوربانی. 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک چوارڕیانی قوەتلی لەسەر ڕێگەی کۆڕنیشی شاری قامیشلۆ بە فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان ئۆتۆمبێلێكی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) کرایە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ڕووداوەکەوە دوو كەس گیانیان لەدەستداوە و چەند كەسێكی دیکەش برینداربوون.

دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ئەم مانگەدا چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای كوردستانی بۆردوومانکردووە کە دواهەمینیان بۆردومانکردنی ئەكادیمیای سەربازی هێزەكانی ناوخۆی هەسەدە بوو. 


PM:07:05:22/10/2023