رۆژنامەنووسێك: لە چەمچەماڵ لەلایەن دەزگایەكی ئەمنییەوە رفێنرام


رۆژنامەنووسێكی خەڵكی شاری چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت، مانگی رابردوو لەلایەن دەزگایەكی ئەمنی یەكێتییەوە لەناو بازاڕی چەمچەماڵ "رفێنراوە" و دواتر رەوانەی دژە تیرۆركراوە.

ئازاد بایز، رۆژنامەنووس و فەرمانبەر لەبەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "10 ساڵە لە بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلیمانی خزمەت دەكەم، بەڵام رۆژی 11ی 9  لەلایەن دەزگایەكی ئەمنی یەكێتییەوە لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە ناو بازاڕی چەمچەماڵ رفێنرام و دوای ئەوەی برامە ئاسایشی چەمچەماڵ رەوانەی دژە تیرۆر كرام، دوای هەفتەیەك كەسوكارم زانیان و رۆژی 23ی9 ئازادكرام".

ناوبراو وتی "كۆمەڵێك تۆمەتی بێ بنەمام بۆ دروستكراوە بەوەی گوایە بە فەیسبووكی نەناسراو هەڕەشەم لە هونەرمەندان و خەڵكم كردبێت، لەكاتێكدا بەشێكی زۆری ژیانم خزمەتی كلتور و هونەرمەندانم كردووە، دوای نزیكەی 10 دانیشتنی ئەو دەزگایە بە بێتاوان ئازادكرام".

ئازاد وتیشی "ماددەكەم (260)ە ماددەی هەڕەشەیە، بەڵام هیچ تۆمەتێكم لەسەر ساغ نەبۆتەوە، سوپاسی بەرپرسانی رۆشنبیری سلێمانی و قایمقام و بەڕێوەبەری ئاسایشی چەمچەماڵ دەكەم بۆ تەداخولكردن لە كێشەكەم".

سەبارەت بەوەی بەناوی هێزی ئەمنییەوە هەڕەشەی لە خەڵك كردبێت، ناوبراو وتی "ئەو قسانە هچ ئەسڵ و ئەساسی نییە".

بۆ بینینی کۆنگرەی رۆژنامەگەری ئەو رۆژنامەنووسە سەردانی هەژماری سپی میدیا بکە لە فەیسبوک. 



PM:01:18:23/10/2023