بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانیی سۆران: بەهۆی ڕووداوەکەوە تەواوی جەستەی جیهان تەها سوتاوە

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانیی سۆران روونکردنەوەی لەبارەی گیان له‌ده‌ستدانی جیهان تەها مامۆستا وانەبێژەکەی هەولێر و سووتانی ئۆتۆمبێلەکەی بڵاوکردەوە، و مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیش ڕایانگەیاند "هیوادارین مەرگی ئەم مامۆستایە دەستی کەسی لە پشتەوە نەبێت".

ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانیی سۆران ڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو٢٦ی تشرینی یەکەم، کاتژمێر هەشت و حەوت خولەک ئاگادارکراینەوە کەوا رووداوێکی وەرگەڕان و گڕگرتنی ئۆتۆمبێل هەیه له گوندی (هڤنکا) لە ناحیەی بلێ لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، دەستبەجێ تیمەکانمان له بنكەی بەرگری شارستانیی بارزان دەرچوون بۆ شوێنی رووداوەکە. و توانیان ئاگرەکه کۆنترۆڵ بکەن."

ئەوەش خراوەتە روو: "بەپێی ڕاپۆرتی تیمەکانمان ئۆتۆمبێلەكه له جۆری (نیسان میکرا)یە  بەتەواوی سووتاوه، شۆفێرەکەی کە ئافرەت بووه به ناوی (جیهان تەها عەبدولرەحمان) دانیشتووی پارێزگای هەولێره گەڕەکی ٩٤ی گوڵان، بەهۆی رووداوه کەوه تەواوی جەستەی سوتابوو بەوهۆیەوه گیانی له دەستدابوو."

روونیشکراوەتەوە کە تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی تەندروستی به هاوکاری پۆلیسی خۆجێیی ناوچەکه و بەرگری شارستانی گواسترایەوه بۆ نەخوشخانەی بلێ له وێشەوه رەوانەی پزیشکی دادی له سۆران کرا.

هەروەها دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەبارەی گیان لەدەستدانی مامۆستا جیهان تەها لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێن: "هەواڵی مەرگی مامۆستای وانەبێژی ڕەخنەگری حەق بێژ (جیهان تەها ) بەکارەساتی ئۆتۆمبێل سەرجەم مامۆستایانی خەمبارکرد، بەڵام هیواخوازین ڕووداوێکی ئاسایی بێت و دەستی کەسی لە پشتەوە نەبێت."

جیهان تەها، په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌شی شانۆی تەواو کردووە ولە چەندین کورتە فیلم و شانۆدا بەشداری کردووە، ماوەی چەند ساڵێکە بۆتە مامۆستای وانەبێژ، شەوی رابردوو لە گوندی هەڤنکا لە سنووری پارێزگای هەولێر ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕا و ئاگری گرت و لە تەمەنی ٣٥ ساڵی گیانی لەدەستدا.









PM:01:16:27/10/2023