سەرنوسەری رۆژنیوز: رۆژنامەنووسێکمان لەلایەن پەدەکەوە دەستگیر دەکرێت


سەرنووسەری ماڵپەڕی رۆژنیوز رایگەیاند " سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەکەوە، لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆکارێک دەستگیرکراوە و ماوەی چوار ڕۆژە بێسەروشوێنە". 

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی " سپی " بۆتان گەرمیانی سەرنوسەری ماڵپەڕی رۆژنیوز  رایگەیاند " سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لە پاش سەردانیکردنی کەسوکارەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری حەلەب، کە خەڵکی ناوچەی جندرێسن لە عەفرینی داگیرکراو و پاش داگیرکردنی شارەکەیان ئاوارەبوون، سلێمان ئەحمەد لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیرکراوە و ماوەی پێنج ڕۆژە بێسەروشوێنە". 

سەرنووسەری رۆژنیوز لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی " سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، لە مانگی ئەیلوولەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمی فیشخابوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر کراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی یاساییان هەبێت و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ماوەی پێنج ڕۆژە بێسەروشوێنە و پەیوەندیمان لەگەڵیدا پچڕاوە".

بۆتان گەرمیانی دەشڵێت " ئێمە وەک ئاژانسی ڕۆژنیوز، ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە".



PM:02:45:29/10/2023