حکومەت لەبارەی پێدانی زەوی بە زیندانیانی سیاسی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

وتەبێژی وەزارەی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایدەگەیەنێت" ئەو کەسانەی لە زیندانەکاندا لە دایکبوون لەو ئیمتیازاتە سودمەند دەبن". 

عادل مەلا ساڵح وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" سەبارەت بە تەرخانكردنی زەوی نیشتەجێبون بۆ زیندانیكراو گیراوانی سیاسی، بە پێی بڕگەی یەکەمی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوی سیاسی، پارچەیەك زەوی نیشتەجێبونیان بەبێ بەرامبەر پێدەدرێت ، بە مەرجێك پێشتر وەك زیندانیكراوی  سیاسی سودمەند نەبوبێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، پێناسەی زیندانی سیاسی بەم شێوەیە لە یاساکارپێکراوەکاندا کراوە، ئەو كەسەیە كە گیرابێت، یان زیندانی كرابێت، بەهۆی ناڕەزایی دەربڕینی بۆ ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكان لە عێراق، یان یارمەتیداتیان یاخود بەشداریكردنی لە بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی كوردستان و بڕیاری حكومكردنی لە لایەن یەكێك لە دادگاكان یاخود دەسەڵاتەكانی سەربە ڕژێمە ناوبراوەكان درابێت.

دەشڵێت" هەركەسێك گیرابێت یا گلدرابێتەوە یا ڕاگیرابێت بەبێ ئەوەی بڕیاری حوكمی لەبارەوە لەلایەن دادگای تایبەتمەندەوە دەرچوبێت بەپێی هەمان هۆیەكانی كە لە خاڵی ( یەكەم )ی ئەم مادەیەدا هاتوە ئەوا زیندانی سیاسییە، ئەوانەشی كە لە بەندیخانەكان لە دایكبوون بە هەمان شێوە بە گیراوی سیاسی هەژماردەكرێت و سودمەند دەبن لە سەرجەم ئیمتیازاتەكانی ئاماژە پێكرا و لە یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییەكانی هەمان یاسا، لە نێویشیاندا سودمەندبونیان لە پارچەیەك زەوی نیشتەجێ بوون". 


PM:06:43:30/10/2023