ڕۆژنامەنووس و شاعیرێکی دیاری عێراقی لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا

حەبیب نایف شاعیر و ڕۆژنامەنووسی دیاری عێراق، بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ حەبیب نایف شاعیر و ڕۆژنامەنووسی دیار، لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە سەنتەری شاری ناسریە گیانی لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەش دەکەن، دوای ڕووداوەکە تەرمی حەبیب نایف بۆ پزیشکی دادی گواستراوەتەوە، بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.

حەبیب نایف نووسەر و شاعیری دیار ساڵی (١٩٥٦) لە شاری ناسریە لە دایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بەشی یاسا، ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق و ئەندامی کۆمەڵەی عێراقی بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان و ئەندامی دەستەی نووسەران بووە، هەروەها بەشداربووە لە چالاکییەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و زۆر بابەتیشی لە ڕۆژنامەی چاپ و ئەلیکترۆنیدا بڵاوکردووەتەوە. 


AM:12:01:31/10/2023