لە سلێمانی خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی گردبوونەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بەشێک لە خوێندکارانی پۆلی (١٢) ئامادەیی لە شاری سلێمانی گردبوونەوە، بۆ داواکردنی کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن و درێژکردنەوەی کاتی ساڵی خوێندن.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە خوێندکارانی قۆناغی (١٢)ی ئامادەیی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن و درێژکردنەوەی ماوەی تاقیکردنەوەی وزاری دەکەن. 

خوێندکارانی سنووری پارێزگای سلێمانی ڕایانگەیاند" زیاتر لە مانگێک بەسەر ساڵی خوێندندا تێپەڕیووە کە ئەمەش لەسەر حیسابی پرۆگرامی خوێندن و کاتی وانە ئەکادیمییەکان بووە، کاتی وانەوتنەوەکە دەکاتە کاتژمێر و نیوێک، لە ڕووی زانستییەوە ئەمە سوودی بۆ خوێندکار نییە، چونکە بەرپرسیاریەتی کەوتووەتە سەر خوێندکاران و مامۆستایان کاتی پێویستی نیە بۆ تەواوکردنی پڕۆگرامی خوێندن". 

دەشڵێن" ئێمە ناتوانین بە باشی لەوانەکان تێبگەین لە کاتێکدا هەمووی بەسەر یەکەوە بخوێنین، هەرچەندە نیوەی ساڵ نزیک بووەتەوە، بەڵام هێشتا لە سەرەتای وانەکانداین". 

خوێندکارانی ناڕازی داواش لە وەزارەتی پەروەردە دەکەن کە پڕۆگرامەکانی خوێندن بۆ قۆناغەکانی کۆتایی تەنها بۆ ئەمساڵ کەمبکاتەوە یان ساڵی خوێندن درێژبکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن تاقیکردنەوەکانی کۆتایی بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجام بدەن.

مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، دژی نەدانی مووچەکانیان و ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوە و دانەمەزراندنی وانەبێژان، مانگرتنی گشتی و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان ڕاگەیاند.


AM:11:56:08/11/2023