بومەلەرزەیەکی بەهێز لە باشووری فلیپین ڕوویدا

بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٦.٧ پلە بەپێی پیوەری ریختەر لە باشووری فلیپین ڕوویدا و تا ئێستا جگە لە زیانی ماددی، گیان لەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی دەیان کەسی دیکەش راگەیەندراوە.

ئەمڕۆ هەینی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری توێژینەوەی جیۆساینسی ئەڵمانی  جی ئێف زێدی ئەڵمانی، بوومەلەرزەکە لە دوورگەی مینداناو لە قووڵایی ٦٠ کیلۆمەتر ڕوویداوە.

ئەنجێل دوگادوگا، بەرپرسی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتەکان لە شارۆچکەی گلانی کەنار دەریا لە نزیک ناوەندی بوومەلەرزەکە، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی سەرەتایی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، لانیکەم کەسێک گیانی لەدەستداوە و ١٨ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، بینای ئۆفیسەکانی شارەوانی و هۆڵی وەرزشی شارۆچکەکەش بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و هێڵی کارەباش پچڕاوە.

دەزگای بومەلەرزەزانی فلیپین PHIVOLCS و سەنتەری هۆشداری تسونامی زەریای هێمن ڕایانگەیاندووە، "پێشبینی ڕوودانی تسونامی ناکرێت".


PM:10:13:17/11/2023