"بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم تا ئێستا حەوت ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە"

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە گرنگ و ئەرێنی دادەنێت و سێ مەرجیش بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوەتی ئەو پرۆسەیە رادەگەیەنێت.

رۆژی هەینی ١٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئەپیکور راگەیەندراوێکی لەبارەی گفتوگۆکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەندامانی ئەپیکۆر مەرجەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوەتی هەناردەی نەوت خستوونەتەڕوو و پابەندە بە چارسەری کێشە هەڵواسراوەکان، گرێبەستە هاوبەشەکانی بەرهەمهێنان وەک خۆیان کارپێکراو دەمێننەوە و لەلایەن دادگای ئینگلیزەوە بەڕێوەدەبرێن، هەر ناکۆکییەکیش هەبێت لەرێگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن چارسەر دەکرێت".

 ئەپیکور روونیکردووەتەوە، گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی هەردوولا بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیاوە دەزانێت، نوێنەرانی کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور، بانگهێشت نەکراون و هیچ پەیوەندییەکی فەرمیشیان پێنەگەیشتووە لەبارەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی.

لەبارەی مەرجەکانیانەوە بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوەتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەپیکۆر سێ مەرجی راگەیاندووە:

یەکەم: پێویستە دڵنیایی هەبێت لەبارەی پارەی هەناردەی رابردوو و بۆ داهاتووش.

دووەم: پێویستە پارەی فرۆشتنی نەوتی کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور راستەوخۆ بە کۆمپانیاکان بدرێت.

سێیەم: پێویستە رێککەوتن و شێوازی ئێستای بازرگانی و ئابووری کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور وەک خۆی بمێنێتەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئەپیکور ئاشکرای کردووە، بەهۆی بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوت لە ئاداری ئەمساڵەوە، قەبارەی زیانەکان بۆ زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بەرزبوونەتەوە و راگەیاندووە، "حکومەتی فیدراڵی عێراق بەهۆی جێبەجێنەکردنی پابەندییەکانی بە رێککەوتنی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا، رۆژانە یەک ملیۆن دۆلار سزا دەدرێت".



دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس  لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا و رۆژی یەکشەممە  لەم بارەیەوە گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ڕایگەیاند "بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا حەوت ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە".


AM:09:00:18/11/2023