ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆک چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ( مێپەس ی ٢٠٢٣ ) دەستیپێکردو و ژمارەیەک بەرپرسی هەرێم و عێراق و جیهان بەشداربوون، ئەو بابەتانەی خۆیان بەسەر کۆنگرەدا سەپاند شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل و پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بوون.
مەسرور بارزانی لە میانەی ئەو دیدارە وتی:
- هەموومان لە دەستپێکردنەوەی توندوتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست شۆک بووین. چارەسەرنەکردنی ناکۆکییەکی دەیان ساڵە و لە قاڵبدانیشی بەهەمان شێوە کێشەیە. بۆ نموونە، 30 ساڵە چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیلیەکان وەک پێویستی و مۆدێلێک دەبینرێت. کوردیش بەهەمان شێوە داوای هەمان ماف و شکۆمەندییان کرد، بەڵام هێشتا دۆزی ئێمە پشتگوێ خراوە. چۆن پشتگیرییەکی زۆر لە دۆزی کەسێک دەکەیت و لەبەرامبەر دۆزی ئەوانی دیکەدا، خۆت بێدەنگ دەکەیت؟
- ئێستا کاتی ئەوەیە کاری باشتر بکەین. کێشە چارەسەر نەکراوەکان پێویستیان بە وەڵامی بوێرانەیە. ئێستا کە جیهان بەدوای چارەسەرێکی هەمیشەییدا دەگەڕێت بۆ دۆزی فەلەستین، منیش داوای ڕێگەیەکی نوێ دەکەم، بۆئەوەی بزانین ئێمەی کوردستانی، چۆن بتوانین لەگەڵ دراوسێکانمان بەیەکەوە بژین".
- ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکومەت لەلایەن یەک گرووپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە. بەرهەمی ئەم فاکتەرانەش: گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژراییە و ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت و توندڕەویش لەم هەلومەرجانەدا سەرهەڵدەداتەوە".
قوباد تاڵەبانی وتی:
- پێویستە ئەولەویەت بدەینە کارەکانی ناوخۆمان، کوردستان پێویستی بە دەستوورە لە چوارچێوەی عێراقدا، بۆ ئەوەی بتوانین حکومەتێکی باشمان هەبێت و هەموو شتێک بکەوێتە سەرپێی خۆی.
- ئەو نادادپەروەرییەی لە بەغدا بەرامبەر ئێمە دەکرێت، لە کێشەکانی بودجە و مووچە لە بابەتی نەوت و گاز، ئەم کێشانە دەیان ساڵە بەردەوامن، دەبێ هاوتەریب پێکەوە کار بکەین و دان بەوەدابنێین رێکخستنەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە.
- دەستووری عێراق بووەتە مێنیۆی رێستورانتەکان، هەر لایەنە و بە دڵی خۆی خواردن هەڵدەبژێرێت".
- بۆچی من بوومەتە کەسێکی نەتەوەیی، چونکە کەسێک شتێکی لێ بردووم، ئەوە وام لێدەکات زۆر نەتەوەیی بم زۆر کورد بم، هەست بکەم سزا دراوم، ئێستا فەرمانبەرەکانمان سزا دراون.
-عەقڵیەت و کولتووری بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی عێراق زۆر دژە فیدراڵییە".
نێچرڤان بارزانی وتی:
-٢٠ ساڵ ئەزموونی ئازادی لە عێراق دەکرا زۆر باشتر بووایە. ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرابا و فیدراڵی کە سیستمی عێراقە و گەلی عێراق دەنگی بۆ داوە، جێگیربکرابا. جێبەجێنەکردنی سیستمی فیدراڵی، پابەندنەبوون بە دەستوورەوە زۆر کێشە و ناکۆکیی سیاسیی هێناوەتە ئاراوە و ناسەقامگیریی هەمەلایەنەی لە عێراق دروستکردووە. وایکردووە کە سەقامگیریی عێراق هەمیشە بە لەرزۆک ببیندرێت.
- پێمانوایە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق."
- فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین. خێراکردنی دانانی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراق.
- جەخت لەوەش دەکاتەوە، چارەسەری کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین لەسەر بنچینەی دوو دەوڵەت جێبەجێ بکرێت.
- هەرچۆنێک بێت و بە هیچ پاساوێک نابێت رێگەبدەین عێراق بخرێتە نێو ئەو شەڕە و کێشە و ئاڵۆزیی زیاترەوە. چونکە زیانێکی زۆری لێدەدات.
هۆشیار زێباری وتی :
- بە بڕوای من شەڕەکەی غەززە فراوان دەبێت و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەگرێتەوە.
- بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە حەلبووسی زۆر هەڵە بوو.
سەعدی پیرە وتی :
- ئێمە پێویستە لەو عەقلییە بۆمبرێژکراوە ئاگاداربین، توانا دیپلۆماسی و سیاسیەکانی خۆمان بەکار بهێنین، هیچ بۆمبێک پێمان نەتەقێتەوە.
بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیران پێشووتری بەریتانیا وتی:
- پێشمەرگە ئێمەی لە داعش پاراست.
- هەست دەکەم لە ماڵی خۆمم؛ شارەکانی کوردستان زۆر پێشکەوتوون.