ئاسایشی هه‌رێم لەسەر ڕووداوی كوشتنی (فرسه‌ت مه‌له‌كی) زانیاری نوێی بڵاوکردەوە

کەمێک پێش ئێستا دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا زانیاری نوێی لەبارەی ڕووداوی کوشتنی هاوڵاتی (فرسەت مەلەکی) بڵاوکردەوە و دەڵێت" تۆمه‌تباره‌کە به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵاتووه‌ و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچووە". 

ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم، ئەمشەو دووشەممە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" لە ڕۆژی ٢٠٢٣/٥/٢ لەسەر ڕێگای (هیزۆپ-قەمتەران) لە ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕووداوێکی نادیار هاوڵاتی (فرسەت مەلەکی) کە پیشەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بووە دەکوژرێت و تۆمەتباری ڕووداوەکە هەڵدێت". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە، هێزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ڕاپه‌ڕین دوای ڕوداوه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچونیان له‌سه‌ر فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستپێكرد، زانیاری ورد له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌ری تاوانه‌كه‌ به‌ده‌ستهات و دوای كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان و پشتبه‌ست به‌ زانیاری و كامێرای چاودێری، توانرا "تۆمه‌تباری ڕوداوه‌كه‌ ده‌ستنیشان بكرێت و بڕیاری ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه‌ بۆ ده‌ربكرێت". 

ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم دەشڵێت" تۆمه‌تبار له‌ ڕێگه‌ی سیمكارتی بێسه‌ره‌تاوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ تاوانلێكراوه‌ كردوه‌، به‌ مه‌به‌ستی كڕینی ئۆتۆمبێل فریویداوه‌ و تۆمه‌تبار به‌ بیانوی له‌ كاركه‌وتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی، تاوانلێكراو ده‌باته‌ ده‌ره‌وه‌ی شار و چه‌ند جارێك به‌ بیانوی جۆراوجۆر ناونیشانی شوێنیان ده‌گۆڕن و به‌مه‌ش تاوانلێكراو گومان ده‌كات و هه‌ڵدێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ڕێگای نێوان گونده‌كانی (هیزۆپ و قه‌مته‌ران) تاوانه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت". 

ڕاشیگەیاندووە" تۆمه‌تبار به‌ ناوی (ع، ح، ب) به‌پێی زانیارییه‌كانی هێزه‌كانی ئاسایش له‌ ئێستادا هه‌ڵهاتووه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به بڕیاری دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ مادده‌ی (٤٠٥) فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌ركراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌". 


PM:08:00:20/11/2023