به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی پارێزگای هه‌ولێر ئه‌مڕۆ بڕیاریدا به به‌دورخستنه‌وه‌ی فازڵ حاجی له وته‌بێژ و به‌رپرسی راگه‌یاندن و هۆشیاری هاتوچۆی هه‌ولێر و دیاریكردنی عه‌قیدی هاتوچۆ هێمن حه‌مه‌د ئه‌مین ئیبراهیم له شوێنه‌كه‌ی.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، به‌گوێره‌ی نوسراوێكی هاتوچۆی هه‌ولێر كه به‌واژۆی عه‌میدی مافپه‌روه‌ر ئارام بورهان جه‌واد به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی پارێزگاكه ده‌رچوه تێیدا هاتوه، بڕیاردرا به‌گواستنه‌وه‌ی عه‌قیدی هاتوچۆ فازڵ حاجی حسێن له به‌رپرسی به‌شی راگه‌یاندن و هۆشیاری بۆ هاتوچۆی قه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر به به‌رپرسی بنكه‌ی هاتوچۆی داره‌تو به‌وه‌كاله‌ت.
هه‌ر به‌گوێره‌ی نوسراوه‌كه، بڕیاردراوه به گواستنه‌وه‌ی عه‌قیدی هاتوچۆ هێمن حه‌مه‌د ئه‌مین ئیبراهیم له به‌شی هاتوچۆی قه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر له به‌رپرسی بنكه‌ی هاتوچۆی داره‌تو بۆ به‌رپرسی به‌شی راگه‌یاندن و هۆشیاری به‌وه‌كاله‌ت، فه‌رمانه‌كه‌ش له‌ئه‌مڕۆوه ده‌خرێته‌بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له‌په‌یامێكیشدا فازڵ حاجی بڵاویكرده‌وه، "له‌پاش ١٣ ساڵ كاركردن و مانه‌وه له‌پۆستی وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ به‌فه‌رمانێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ گواسترامه‌وه بۆ به‌شێكی دیكه له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر".
راشیگه‌یاندوه، "سوپاس بۆخوا كه گواستنه‌وه‌كه‌م وه‌كو ڕێكارێكی كارگێڕی ئاساییه، لێره‌وه سوپاسی هه‌مو لایه‌ك ده‌كه‌م، من سه‌ربازم له‌هه‌ر كوێیه‌ك بێت ئه‌ركی خۆم به‌جێده‌گه‌یه‌نم، له‌هه‌مانكاتدا پیرۆزبایی له‌هاوڕێ و هاوپیشه‌م عه‌قید هێمن حه‌مه‌دئه‌مین ده‌كه‌م كه وه‌كو وته‌بێژ ده‌ستبه‌كارده‌بێت".