مامەڵەی زێڕ و ئۆتۆمبێل و مۆبایل و جگەرە دەکرێتە دینار

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا لە پێناو كۆنتڕۆڵ كردنی نرخی دۆلار مامەڵەی (زێڕ و ئۆتۆمبێل و مۆبایل و جگەرە) بکرێت بە دینار.

ئەمڕۆ سیشەممە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنەكە" لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار دراوە کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن بگیرێتەبەر بە ئامانجی کارئاسانی بۆ سوودوەرگرتنی هاوردەکارانی کەلوپەلی (زێڕ، ئۆتۆمبێل، مۆبایل، جگەرە) لە خزمەتگوزاریی پلاتفۆرمی گواستنەوەی پارەی بانکی بیانی".

ڕاشیگەیاندووە" ڕێكارەكان بەجۆرێك دەبێت، کە کارئاسانی بۆ هاوردەکاران بکات لەم کاڵایانە بۆ بەدەستهێنانی پارەدارکردن بە دراوی بیانی بە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕکردن و لە پێویستی پەنابردن بۆ کڕینی دراوی بیانی ڕزگاریان دەکات".

 

هەروەها هاتووە" ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی وەزیری پلاندانان پێکبهێنێت، بە ئەندامێتی وەزیرانی ناوخۆ، نیشتەجێکردن، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، داد، وەزیرانی (ناوخۆ و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان)، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی بەشی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەری گشتی باج بۆ پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و وشکانی و دەریاییەکان و فڕۆکەخانەکان و پێشنیارکردنی بڕیاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە پلاتفۆرمی وەزاریدا هاتووە لەم بارەیەوە".



PM:08:23:21/11/2023