" ناردنی پارەی سێ مانگەکە کارێکی ئاسان نییە" سپی زانیاری ورد بڵاودەکاتەوە


دوو رۆژە وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستانی( ماوە بۆ درێژکراوە ) بە سەرۆکایەتی ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی لە بەغدان، کۆبوونەوەکانیان بەردەوامە، بەڵام ناردنی ٢ تریلۆن و سەد ملیار دینار هەروا ئاسان نییە.( سەرچاوەیەک لە وەفدەکە بە سپی راگەیاند).

بەپێی زانیاریییەکانی ماڵپەڕی " سپی " سەردانی ئەم وەفدەی هەرێم بۆ بەغدا، لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی بووە، هەر دوێنێ دوو شەممە دوانیوەڕۆکەی وەفدکە لەگەڵ سودانی بۆ ماوەی نزیکی نیو کاتژمێر کۆبوونەتەوەو زیاتر بابەتە گشتییەکان باس کراون و، هەڵوێستی سودانی ئەرێنی بووە.

 دوای ئەو کۆبوونەوەیە وەفدەکەی هەرێم لەگەڵ لیژنەی تەکنیکی سەرۆک وەزیران کۆبوونەتەوەو، لەم کۆبوونەوەیەدا چوونەتە وەردەکاری تەوەرەکانەوە، کە ئەویش ناردنی ٢ ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دیناری ترە وەک قەرز بۆ مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٣ ی مووچەخۆرانی هەرێم.

هەروەها باس لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق کراوە، بەتایبەتی گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک مووچەی مووچەخۆرانی تری عێراق لە خەرجی راستەقینە.

دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بابەتێکی تری کۆبوونەوەکە بووەو، وەفدی هەرێم لە کۆبوونەوەکە داوایان کردووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ  مووچەی ئەو دوای ناوچەکانی عێراق لەیەک کاتدا دابەشدەکرێت و دوا نەکەوێت.

ئەمە جگە لە دۆسیەی نەوتی هەرێم و پارەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و پارەی خەرجی دەرهێنانی نەوت لە هەرێم لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە، بابەتێکی تری کۆبوونەوەکە بووە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی " سپی " ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەر سێ مانگی ١٠، ١١، ١٢ لەلایەن بەغداوە وەک قەرز، هەروا کارێکی ئاسان و بەپەلە ناکرێت و دەبێت، سودانی لە ئەنجومەنی وەزیران و لەناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت باسی بکات و جۆرە رەزامەندییەکی بۆ وەربگرێت. 

ئەمڕۆ سێ شەممە وەفدەکە چەند کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی کورد لە بەغداو بەرپرسانی تری حکومەتی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ساز دەکات.
  



PM:01:23:28/11/2023