عومەر محەمەد: ساڵنامەی خوێندنی ئەمساڵ بەکەڵکی سنووری سلێمانی نایەت

جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" ساڵنامەی خوێندنی ئەمساڵ بەکەڵکی سنووری سلێمانی نایەت، ئەگەر هەیە كاتی دەوامكردن درێژبكرێتەوە و مەنهەج كەم بكرێتەوە".


عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكیدا ڕایگەیاند" نزیكەی ٧٠ ڕۆژە پڕۆسەی خوێندن بایكۆت كراوە و داوامان لە مامۆستایان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و گەڕانەوە بۆ ناو هۆڵەكانی خوێندن".

ڕاشیگەیاند" چاوەڕێن سەرجەم خوێندنگەكان دەست بكەنەوە بە خوێندن و ئێستا ساڵنامەیەكی خوێندنمان هەیە، بەڵام ساڵنامەی خوێندنی ئەمساڵ بەكەڵكی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان نایەت و دەبێت ساڵنامەیەكی تایبەتی بۆ ئەو سنوورە دابنرێت".

عومەر محەمەد وتیشی" هەولێر و دهۆك ساڵنامەی خوێندن جێبەجێ‌ كراوە و تاقیكردنەوەكانیشیان بەرەو كۆتایی دەڕۆن، بۆیە دوای دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لەسەرجەم خوێندنگەكانی ئەم سنوورە، ساڵنامەیەكی تایبەتی دادەنرێت و سەرجەم كێشەكان چارەسەر دەكات".

وتیشی" چەند ئەگەرێك هەیە بۆ ساڵی خوێندن، كە ئەگەرێكیان ئەوەیە كاتی دەوامكردن درێژبكرێتەوە، بەڵام ناتوانرێت ماوەكەی زۆر درێژبكرێتەوە و ئەگەری دووەم ئەوەیە، كە مەنهەجی خوێندن كەم بكرێتەوە و ڕێكبخرێت لەگەڵ ئەو ماوەیەی خوێندنی تیادا ئەنجام دەدرێت".

جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی راشیگەیاند" هەموو ڕێكارەكان ئامادەن و كاتی پێ‌ ناچێت و بە ئاسانی دەتوانرێت جێبەجێ‌ بكرێت، تەنها وەستاوە لەسەر دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن".



PM:08:45:28/11/2023