"پێویستە حکومەتی عێراق به‌ هه‌مان نرخ نەوت بۆ هاوڵاتییانی هەرێم دابین بکات"

وەزیرى سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەوەکالەت ڕایدەگەیەنێت" حکومەتی عێراق بەنیازە نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بە (٢٥٠) دینار رەوانە بکات، بۆیە ئاگادارمان کردووەتەوە کە دەبێت بە هەمان نرخ بدرێت بە هەرێمیش". 

کەمال محەمەد وەزیرى سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" ئه‌گه‌ر گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان هه‌مواربكرێنه‌وه‌، ده‌بێت به‌ ڕه‌زامه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی نه‌وت بێت، هەروەها راوه‌ستانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم حه‌وت ملیار دۆلار زیانی به‌ عێراق گه‌یاندووه‌ و داواكه‌ی عێراق له‌ دادگای ناوبژیوانانی پاریس ره‌فتارێكی ناته‌ندروست و ناعه‌قڵانی بوو".

لەبارەى پرسى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتەوە کەمال محەمەد دەڵێت" تێگه‌یشتنی باش هه‌یه‌ و شاندی هه‌رێم و به‌غداد له‌ گفتوگۆدان، هیوادارم بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن و ده‌ست به‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت بكه‌ینه‌وه‌". 

ئاماژەی بەوەشکرد، له‌ ڕێگه‌ی پاڵاوتگه‌كانی ناوخۆوه‌ به‌نزین و گازوایل و غازی ماڵان و غازی تایبه‌ت به‌ كارپێكردنی وێستگه‌کانی كاره‌با و نه‌وتی سپی به‌رهه‌م ده‌هێنن و هیچ کێشەیەکیشیان نییە لە ڕێگەى سۆمۆوە نەوتى هەرێمى کوردستان بفرۆشرێت.

لەبارەى دابەشکردنى نەوتى سپى ماڵان ڕایگەیاندووە" نه‌وت به‌ چ نرخێك ده‌درێته‌ هاوڵاتییانی عێراق، پێویستە به‌ هه‌مان نرخیش بدرێته‌ هاوڵاتیانی كوردستان كه‌ خۆی لیتری به‌ (١٥٠) دیناره‌، بەڵام بڕیارە عێراق بە (٢٥٠) دینار نەوت بینێرێت بۆ هەرێم". 


PM:02:35:30/11/2023