سبەینێ مامۆستایانی نارازی خۆپیشاندانی "فراوانی ساڵ" ئەنجام دەدەن

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن" سبەینێ‌ لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا خۆپیشاندانی فراوانی ساڵ ئەنجام دەدەین". 

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرجەم چین و توێژەکانیان کردووە دەڵێن" بڕیارمانداوە بە هاوکاری هاوڕێیانمان لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و چەمچەماڵ و قەزای شارەزوور سبەینێ یەکشەممە خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵ ئەنجام بدەین". 

دەشڵێن" لەگەڵمان بەشداربن و بێنە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە، چونكە بێدەنگی زیاتر قەیرانی زیاتر و بێ مووچەی و بێ کارەبای و بێ بازاڕی زیاتر بەرهەم دەهێنێت". 

دەقی بانگەوازەكە:

بەناوی خوای گەورە

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان

سەرجەم چین و توێژەکانی پارێزگای سلێمانی

ئاگاداری بەڕێزتان دەکەین ئێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی بڕیارمانداوە بە هاوکاری هاوڕێیانمان لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و چەمچەماڵ و قەزای شارەزور سبەی یەکشەممە ٣ / ١٢ / ٢٠٢٣ خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵ ئەنجام بدەین

بۆیە داواکارین لە سەرجەم چین و توێژەکان

زانایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ، دایک و باوکی خوێندکاران ڕۆشنبیران ، هونەرمەندان، مامۆستایان ، فەرمانبەران ، کاسبکاران ، خانەنشینان ، خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان .

لەگەڵمان بەشداربن و بێنە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە

هەرلێرەوە داواکارین سبەی یەکشەممە کاسبکار و دوکاندارەکان بۆ چەند کاتژمێرێک دووکان و بازاڕەکانیان دابخەن و فەرمانبەران بایکۆتی دەوامی فەرمانگەکانیان بکەن و بەشداربن لە خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵ، چونکه قەیرانەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی بێدەنگیەکانی دوێنێن ، بێدەنگی زیاتر قەیرانی زیاتر و بێ مووچەیی و بێ کارەبایی و بێ بازاڕی زیاتر بەرهەم دەهێنێت

هەموومان بەیەکەوە

بەرەو خۆپیشاندانی بەرفراونی ساڵ لە سبەی یەکشەممە ٢ / ١٢ / ٢٠٢٣ کاتژمێر ١٠ لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا .
بایکۆت بەردەوامە ، سبەی خۆپیشاندانی بەرفراوانی ساڵە
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی .


PM:06:04:02/12/2023