دوو رۆژە عێراق بەنزینی ٧٥٠ دیناری بۆ هەرێم نانێرێت

دوو رۆژە حکومەتی عێراق بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت و بەهۆیەوە دابەشکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری کەمبووەتەوە. 

جەنگی مەجید نوێنەری بەنزینخانە ئەهلیەکانی هەولێر لە لێدوانیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دوو رۆژ دەبێت بە هۆکارێکی نادیار حکومەتی عێراق ئەو بەشەی نەناردووە کە بە ٧٥٠ دینار دابەشدەکرا، دەبوو رۆژانە هەشت تانکەر لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە بنێردرێت بۆ هەولێر، لەگەڵ سێ تانکەری کۆمپانیای لاناز و حەوت تانکەری کۆمپانیای کار دابەش دەکران".
 
ئاشکراش کراوە نەک هەر لە پارێزگای هەولێر، حکومەتی عێراق دوو رۆژە بەنزینی بۆ پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان نەناردووە.

لە لایەکیترەوە سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی  لە لێدوانێکدا وتی" ئەو بەنزینەی بە ٧٥٠ دینارە و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دابینی دەکات تاوەکو ئێستاش دابەش دەکرێت کە هەر رۆژە و بڕێکمان بۆ دەنێرن لە نێوان ٥ تانکەر و هەندێک کات ١٢ تانکەر بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان."
 
هەروەها رایگەیاند" بەنزینی دووەم کە هەر بە ٧٥٠ دینار دەفڕۆشرێت، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرا، رۆژانە حەوت تانکەریان دەنارد کە هەر یەکێکیان نزیکەی ٣٦ هەزار لیتریان تێدابوو، لەلایەن پاڵاوگەی کارەوە بە دەستیان دەگەیشت، بەڵام دوو رۆژە راگیراوە و پشکی پارێزگا و ئیدارەکان نانێردرێت". 

ئاماژە بەوەشدراوە کە لە دهۆکیش بەنزینی حکومەتی عێراق دوو رۆژە راگیراوە و بەنزینی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش کەمتر بووەتەوە.

دوو جۆر بەنزینی ٧٥٠ دیناری لە هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێن کە یەکێکیان لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت و ئەوی دیکە پشکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆی دەنێرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستیی بە ٤ بۆ ٥ ملیۆن لیتر بەنزینە.
 



PM:10:30:02/12/2023