دادگای فیدراڵی بڕیاردان لەسەر سکاڵای عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوکی دواخست

دادگای فیدراڵی عیراق، بڕیاردانی لەبارەی سكاڵایەكی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست.

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق لەسەر سكاڵایەكی عەرەب و توركمانەكان كۆبووەوە كە تێیدا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیان كردبوو. 
 
دیلان غەفوور، نوێنەری كەركووك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند" لە دانیشتنی دادگادا بڕیاردرا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق وەك لایەنی سێیەم بێتە ناو دادگاییەكەو وتەی لێوەربگیرێت."

دیلان غەفور هەروەها وتی" لەبەر ئەو هۆكارە دادگا بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنەكە بۆ رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو( ١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣) ". 

پێشتر عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركوك، به‌بیانوی هه‌بونی ناوی دوباره‌ و ئه‌نجام نه‌دانی سه‌رژمێری و ناونوسكردنی ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كورد له‌ تۆماری ده‌نگده‌رانی پارێزگای كه‌ركوك، داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌یان كرد و بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌نایان برده‌ به‌ر تۆماركردنی سكاڵا له‌ دادگای فیدراڵی.


PM:06:27:04/12/2023