عێراق.. دەیان کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن

هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە ماوەیەی مانگێکدا دەیان کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کردووە.

شانەی راگەیەندنی ئەمنی سەر بە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" هێزەكانی ئاسایشی نیشتمانی لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر، لەماوەی مانگێكدا چەندین هەڵمەتیان لەشارەكانی عیراق، لەوانەش بەغدا، كەركوك، نەجەف و بەسڕە، ئەنجامداوەو توانیویانە ٦٩ كەس بەتۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان دەستگیر بكەن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە" لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان، دەستبەسەر دەیان كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیراوە، سەرجەم تۆمەتبارە دەستگیركراوەكانیش دوای تەواوبوونی لێكۆڵنەوەكان و داننانیان بە تاوانەكانیان، دراونەتە دادگا بەمەبەستی دادگایی كردنیان".

بەپێی ئامارەكانی حكومەتی عیراق، دیاردەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە سەرانسەری وڵاتدا بەشێوەیەكی نائاسایی زیادی كردووەو لەچەندین شوێنیش بەئاشكرا كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت.



PM:11:21:05/12/2023