وەزارەتی دارایی بڕیارێکی نوێ دەردەکات

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، لە ١٢ی١١ی ٢٠٢٣ دەرچووە ئاماژە بە نووسراوێكی ئەنجومەنی وەزیران و كۆنووسێكی لیژنەی پێداچوونەوەی رێنوێنییەكان كراوە و تیایدا چەند بڕیارێك سەبارەت بە داهات و خەرجیی بەڕێوەبەرایەتیی كوشتارگەكان دراوە.

 لە نووسراوەکەدا هاتووە" ٢٠%ی دەرماڵە بۆ ئەو فەرمانبەرە هەمیشەییانە خەرج دەكرێت، كە لە كوشتارگەكان كار دەكەن و بەركەوتەیان لەگەڵ گۆشت و ئاژەڵدا هەیە".

وەزارەتی دارایی بڕیاری ئەوەی داوە، بڕی ٣٨٠هەزار دینار تەرخان دەكرێت بۆ فەرمانبەری كرێی رۆژانە، كە لە كوشتارگەی هەولێر كار دەكەن، ئەوەش روونكراوەتەوە، كە بڕی ٢٥ ملیۆن دیناری مانگانە بۆ كوشتارگەكان تەرخان دەكرێت.

بەپێی بڕیارەكان دەبێت ١٠٠%ی داهاتی ئەو شوێنانە بكرێتە داهاتی كۆتایی و بۆ گەنجینە بگەڕێندرێتەوە. هەروەها ئاماژە بەوەش كراوە، كە رسووماتی وەرگیراو بۆ ئاژەڵی گەورە هەشت هەزار دینار و بۆ ئاژەڵی بچوكیش دوو هەزار و ٥٠٠دینار دەبێت، وەزارەتی دارایی جەختی كردووەتەوە، بڕیارەكانی ئەو گشتاندنە لە ١ی ١ی ٢٠٢٤وە جێبەجێ دەكرێن.



AM:12:08:07/12/2023